MOOC ناوەڕۆکی

مۆدڵی یەکەم: بەڕێوەبردن و بەرپرسیاریەتی و پلاندانانی ستراتیژی ڕێکخەری مۆدڵ: زانکۆی ئیڤۆرابەڕێوەبردنی زانکۆ پاڵنەرێکی گرنگی گۆڕانکارییە: چۆنیەتی بەڕێوەبردنی دامەزراوەکان یەکێکە لە هۆکارە یەکلاییکەرەوەکانی ئامانجەکانی گەیشتن بە چاکسازی لە دامەزراوە باڵاکانی کوردی و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا. چەندین جۆر مۆدێلی بەڕێوەبردن هەیە، هەرچەندە دەتوانرێت زۆربەیان پێناسەبکرێن بە پشت بەستن بە گرژی یاخود هاوسەنگی نێوان سێ هێزی سەرەکی: دەوڵەت، هێزەکانی بازاڕ، ئاستی باشی ئەکادیمی و توانای بەکارهێنانی ئازادی ئەکادیمی. جێبەجێکردنی پراکتیکەکانی بەڕێوەبردنی باش لە دامەزراوەکانی خوێندنی باڵای کوردیدا بە مانای سەپاندنی بەها دامەزراوەییەکانی وەک سەربەخۆیی و لێپرسراویەتی دێت. ئەم مۆدڵەی یەکەم وەسفێکی زانکۆکانی یەکێتی ئەوروپا دەکات کە چۆن بەڕێوەدەبرێن لەسەر بنەمای بەڕێوەبردنی ئەکادیمی کە بەشداریکردنی خوێندکارانیش دەگرێتەوە. پلاندانانی ستراتیژی دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا بریتییە لە پرۆسەی دامەزراوەکە کە ڕێگەی پێ دەدات ئەرک و دیدگای خۆی بەدی بهێنێت و، هەروەها پرۆسەکە باس لە داهاتوویەکی پرشنگداری دەکات. پلاندانانی ستراتیژی ڕێبەرێکە کە تیایدا وەسفی ئامانجە تایبەتەکانی دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا دەکات و نەک تەنها بۆ چالاکییە ئەکادیمییەکان. پلاندانانی ستراتیژی ئامرازێکی گرنگە بۆ پێكهێنان و کۆنتێکستکردنی زانیارییەکان کە دەبنە هۆی بڕیاردانی دامەزراوەیی چ مەودای درێژخایەن و چ ڕۆژ بە ڕۆژ. پلاندانانی ستراتیژی دڵنیایی دەدات لەوەی کە بڕیار و ئۆپراسیۆنەکان بە پێی ئەرک و دیدگا و بەهاکانی دامەزراوەکان ئەنجام دەدرێن، و پابەندن بە ئەرک و ڕێساکانی حکومەت و دەزگاکانی باوەڕپێکردن و هتد.

   
 

مۆدڵی دووەم: دەرئەنجامەکانی فێربوون ڕێکخەری مۆدڵ: زانکۆی پیزا دەرئەنجامەکانی فێربوون وەک بەیاننامەیەک پێناسە دەکرێن کە تاک دەبێت چی بزانێت، و چی تێبگات و یان بتوانێت چی بکات لە کۆتایی پرۆسەی فێربووندا. هەروەها ئەم دەرئەنجامانە لە ڕووی زانین، لێهاتوویی، بەرپرسیاریەتی و سەربەخۆییەوە پێناسە دەکرێن. ڕوانگەی دەرئەنجامەکانی فێربوون بۆ کۆمەڵێک مەبەستی جیاواز بەکاردەهێنرێت وەکو چوارچێوەی بڕوانامە و وەسفکردنی ئاستەکانیان، پەرەپێدانی مەنهەج، هەڵسەنگاندن و چەسپاندن، دڵنیایی جۆری و وانە ووتنەوە و ڕاهێنان. لەبەر ئەم مەبەستانە شێوازی دەرئەنجامەکانی فێربوون گرنگیدان بە تاکی فێرخواز و ئاستی زانیاری و توانا و لێهاتوویی کە چاوەڕوان دەکرێت فێرخوازان بەدەستی بهێنن بەهێز دەکات. ئەمەش هاوسەنگی دروستدەکات لە گرنگیدانی تەقلیدی لە پەروەردە و زانیارییەکانی ڕاهێنان، بە تایبەتی لە ماوەی فێربوون و شوێنی فێربوون.

   


مۆدڵی سێیەم: سیستەمی گواستنەوەی قەرزی و دانپێدانانی بڕوانامەکان ڕێکخەری مۆدڵ: زانکۆی مورسیا سیستەمی گواستنەوە و کەڵەکەکردنی قەرزی ئەوروپی لە لایەن زۆربەی ووڵاتانی ناوچەی خوێندنی باڵای ئەوروپاوە وەک سیستەمێکی قەرزی نیشتمانی کاری پێدەکرێت و لە شوێنەکانی تردا بە فراوانی بەکاردەهێنرێت. ئەم سیستەمە ئامرازێکی سەرەکییە لە پرۆسەی بۆڵۆنیادا، کە ئامانجی ئەوەیە سیستەمی پەروەردەی نیشتمانی زیاتر بەروارد بکرێت لە ئاستێکی نێودەوڵەتیدا. ECTS ئامرازێکە بۆ شەفافکردنی خوێندن و خولەکان و بەرەو پێشبردنی گونجاندنی بەرنامەی خوێندن. کرێدیتەکانی ECTS فێربوون نیشاندەدەن لەسەر بنەمای دەرئەنجامە فێرکارییە دیاریکراوەکان و باری کاری خوێندکارە پەیوەندیدارەکان. ECTS هەروەها پشتگیری دەکات لە پلاندانان، گەیاندن، هەڵسەنگاندنی پرۆگرامەکانی خوێندنی باڵا. هەروەها ECTS یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی بەڵگەنامەکانی تری وەک تەواوکەری دیپلۆما ڕوونتر و ئاسانتر بێت بۆ بەکارهێنان لە ووڵاتە جیاوازەکاندا. ڕێکارەکانی دانپێدانانی کرێدیتەکان بەشێکن لە سیاسەتێکی یەکگرتووی دانپێدانانی دامەزراوەیی کە لەسەر بنەمای ڕێسا و ڕیکارەکانی ڕێکەوتننامەی دانپێدانانی لشبونە لە ساڵی ١٩٩٩ دامەزراوە. بەنێودەوڵەتیکردنی خوێندنی باڵا و پابەندبوونی بەهێزی دامەزراوەیی بە جووڵەی خوێندکاران، جەخت لەسەر پێویستی ڕێکارەکان دەکەنەوە کە بە تایبەتی باس لە پرسەکانی دانپێدادان دەکەن لە دامەزراوەکانی خوێندنی باڵادا. بڕوانامە بیانییەکان پێویستە دانیان پێدابنرێن بێجگە لە حاڵەتی دەرکەوتنی جیاوازیی گەورە لە نێوان ئەو بڕوانامەیەی کە داوای دانپێدانانی بۆ دەکرێت و بڕوانامەی پەیوەندیدار بەو ووڵاتەی کە داوای دانپێدانانەکەی تێدا دەکرێت. پێویستە دانپێدانانی کرێدیتەکان لەسەر ستاندارد و ڕێنمایی ڕوون لەسەر هەموو لایەنەکانی ناساندنی بڕوانامە بیانییەکان دابڕێژرێت، بۆ دڵنیابوون لە دانپێدانانی هاوبەشی بڕوانامەکان و ماوەی فێربوون لە دەرەوەی ووڵات کە لە زانکۆکانی تر تەواوکراون.

 
 

مۆدڵی چوارەم: دڵنیایی جۆری دەرەکی ڕێکخەری مۆدڵ: زانکۆی پیزا پێشکەشکردنی ڕاهێنانی پەیوەست بە بەڕێوەبردنی دڵنیایی جۆری دەرەکی بە پێی ستاندارد و ڕێنماییە ئەوروپییەکان بۆ دڵنیایی جۆری و پرۆسەی بۆڵۆنیا. ئامانجێکی سەرەکی ستاندارد و ڕێنماییەکان بۆ دڵنیایی جۆری لە ناوچەی خوێندنی باڵای ئەوروپیدا، بەشداریکردنە لە تێگەیشتنێکی هاوبەش لە دڵنیایی جۆری بۆ فێربوون و وانەوتنەوە لە دەرەوەی سنورەکان و لە نێوان هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکاندا. پرۆسەکانی دڵنیایی جۆری دەرەکی ڕێگە بە سیستەمی خوێندنی باڵای ئەوروپی دەدات کوالێتی نیشانبدەن و شەفافیەت زیادبکەن، بەم شێوەیە یارمەتیدەر دەبێت بۆ دروستکردنی متمانەی یەکتر و دانپێدانانی باشتر بە بڕوانامەکان و پرۆگرام و بڕگەکانی دیکەیان. ستاندارد و ڕێنماییە ئەوروپییەکان وەک بەڵگەنامەیەکی سەرچاوە بۆ دڵنیایی جۆری بەکاردەهێنرێت لە لایەن دامەزراوەکان و دەزگاکانی دڵنیایی جۆری. جگە لەوەش لە لایەن تۆماری دڵنیایی جۆری ئەوروپییەوە بەکاردەهێنرێت، کە بەرپرسیارە لە تۆماری ئەو دەزگایانەی دڵنیایی جۆری کە پابەندن بە ستاندارد و ڕێنماییە ئەوروپییەکان بۆ دڵنیایی جۆری.

 
 

مۆدڵی پێنجەم: دڵنیایی جۆری ناوەکی ڕێکخەری مۆدڵ: زانکۆی ئۆسلۆ پێویستە دامەزراوەکان سیاسەتێکیان هەبێت بۆ دڵنیای جۆری کە ئاشکرابێت بۆ ڕای گشتی و بەشێک بێت لە بەڕێوەبردنی ستراتیژی خۆیان. سیاسەت و پرۆسەکان پایەی سەرەکی سیستەمی دڵنیایی جۆری دامەزراوەی یەکگرتوون، کە خولێک بۆ باشترکردنی بەردەوام پێکدەهێنێت و بەشدارە لە بەرپرسیاریەتی دامەزراوەکە. سیاسەتەکانی دڵنیایی جۆری کاتێک کاریگەرترینن کە پەیوەندی نێوان توێژینەوە و فێربوون و وانە وتنەوە ڕەنگ بدەنەوە و هەم ئەو زەمینە نیشتمانییەی کە دامەزراوەکە تێیدا کاردەکات، هەم چوارچێوەی دامەزراوەیی و هەم ڕێبازە ستراتیژەکەی لەبەرچاوبگرن. ستاندارد و ڕێنماییە ئەوروپییەکان بۆ دڵنیایی جۆری لە لایەن دامەزراوەکانەوە وەک بەڵگەنامەیەکی سەرچاوە بۆ دڵنیایی ناوخۆیی بەکاردەهێنرێن لە خوێندنی باڵادا.

 
 

مۆدڵی شەشەم: جموجۆڵی فێربوون ڕێکخەری مۆدڵ: زانکۆی مورسیا پرۆسەی بۆڵۆنیا کردارێکی سەرەکی پێشخستنی جووڵەی فێربوون، باشترکردنی هاوکاری ئەکادیمی نێودەوڵەتی و دانپێدانانی دوولایەنە بە ماوەی خوێندن و بڕوانامەکانی بەدەستهێنراو لە دەرەوەی ووڵات دەگرێتەوە. جموجۆڵی فێربوون دەرفەتێکە بۆ خوێندکاران بۆ پەرەپێدانی توانا بەنرخەکانیان و فروانکردنی ئاسۆی خۆیان لە ڕێگەی چوونە دەرەوەی ووڵات بۆ خوێندن یان بەشداریکردن لە خولی ڕاهێناندا. چوونە دەرەوەی ووڵات بۆ خوێندن یان خولی ڕاهێنان یارمەتی خەڵک دەدات بۆ پەرەپێدانی توانا پیشەیی و کۆمەڵایەتی و نێوان کەلتورەکان، هەروەها زیادکردنی توانای دامەزراندیان. ئەو خوێندکارانەی خوێندنی باڵا کە ماوەی جموجۆڵ لە دەرەوی ووڵات ئەنجامدەدەن، ئەگەری ئەوەیان زیاترە کە ساڵێک دوای دەرچوونیان کار بدۆزنەوە. بۆ ئەوەی ئاسانکاری بکرێت بۆ جموجۆڵ و دانپێدانان، پیویستە سێ لایەنە بەشداربووەکە- خوێندکار، دامەزراوەی ناردن، دامەزراوەی وەرگر، ڕێکخراو یان پرۆژە- ڕازی ببن بە بەرنامەکەی دەرەوەی ووڵات. ئەم مۆدڵە ڕاوبۆچوون و ئەزموونی خوێندکاران سەبارەت بە جموجۆڵی فێربوون لەخۆدەگڕیت.